زەمینلەرزەیەكی بەهێز ئیندۆنیزیای هەژاند و مەترسی رودانی تسونامی هەیە

زەمینلەرزەیەكی بەهێز ئیندۆنیزیای هەژاند و مەترسی رودانی تسونامی هەیە
زەمین لەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7 پلەی رێختەر ئیندۆنیزیا-ی هەژاند و شارەزایانی بواری كەشناسی ئەو وڵاتەش لەبارەی رودانی تسونامی هۆشداریدەدەن.



ئاژانسی كەشناسی و جیۆلۆجی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ هەینی زەمینلەرزەیەك بە گوڕی 7 پلەی رێختەر دورگەی سومەترە-ی ئیندۆنیزیای هەژاند".

ئەگەری رودانی تسونامی هەیە

هاوكات ئاژانسی ئیندۆنیزیا بۆ زانستەكانی سروشتی زەوی، پاش رودانی زەمینلەرزەكە هۆشداریدایە هاوڵاتیانی ناوچەكە و رایگەیاند "ئەگەری ئەوە هەیە لە ئاكامی زەمینلەرزەكە، ئەو روداوە لە زەمینی دەریاكەدا روبدات و كارەساتی تسونامی لێبكەوێتەوە".

داوا لە هاوڵاتیان دەكەن بچنە ناوچە بەرزەكان

بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی كەشناسی و جیۆلۆجی ویلایەتە یەكگرتوەكان، زەمینلەرزەكە بە قوڵایی 59 كیلۆمەتر رویداوە، دەسەلاتدارانی ئیندۆنیزیا-ش داوا لە هاوڵاتیانی ناوچەكە دەكەن بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە ژیانی خۆیان بچنە ئەو ناوچانەی لە ئاستی روی دەریاوە بەرزترە.

ئەوە لەكاتێكدایە، پێش چەند هەفتەیەك زەمینلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.3 پلەی رێختەر رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند، ئەو روداوە بوەهۆی گیانلەدەستدانی سێ كەس و زیانی بە زیاتر لە هەزار خانو گەیاند.

ئیندۆزنیزیا لە 17 هەزار دورگە پێكدێت، كە دەكەونە ناو زەریای ئارام-ەوە و زەمینلەرزە لەو ناوچەیەدا بە شێوەیەكی بەردەوام چالاكە.







خەندان
Top