هاوپەیمانێکی سعودیە خۆی لە ئێران نزیک دەکاتەوە

 هاوپەیمانێکی سعودیە خۆی لە ئێران نزیک دەکاتەوە
هاوپەیمانێکی شانشینی سعودیە خۆی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک دەکاتەوە.

مەحمود قاحزی، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران رایگەیاندووە، ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو هەڵوێست و کاری خۆی لە دژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن دەگۆڕێت.

مەحمود واعیزی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئیمارات هەڵوێست و بیروڕای جیاوازی لەگەڵ سعودیە لەبارەی حوسییەکان هەیە.

هەرچەندە رۆژی چوارشەممە 31-7-2019 واعزی ئەو لێدوانەی داوە، بەڵام بەرپرسانی ئیمارات تا ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر ئەو لێدوانە بڵاو نەکردووەتەوە.

پێشتریش لە رۆژی سێشەممە، میدیا ئێرانییەکان وێنەیەکی قاسم رەزایی، فەرماندەی پاسەوانی سنوورەکانی ئێران و محەمەد عەلی ئەلئەحبابی، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی ئیماراتیان بڵاو کردەوە، کە لە وینەکەدا تەوقە دەکەن.

میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە ئەلئەحبابی لە تارانی پایتەختی وڵاتەکەیان لەگەڵ رەزایی کۆ بووەتەوە و تاوتوێی فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەبوزەبی و تارانیان کردووە، جگە لە توندوتۆڵکردنی سنوورە ئاوییەکانی نێوانیان.

پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگە، ئیمارات رایگەیاند، هێزەکانیان لە هەموو ناوچەکانی یەمەن دەکێشنەوە و لەمەودوا هەوڵی بە ئاشتییانە چارەسەرکردنی کێشەی یەمەن، دەدەن.

ئیمارات هاوپەیمانێکی سەرەکیی سعودیە بوو لە هاوپەیمانی عەرەبی، کە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ”گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ یەمەن“ دایمەزراند و بە هێزی سەربازی، هەوڵی شکستپێهێنانی حوسییەکانی یەمەنی دەدا.

چاودێران باس لەوە دەکەن، کە ئەو هەنگاوانەی ئیمارات، نزیک کەوتنەوەیە لە ئێران و دوورکەوتنەوەیە لە سعودیە، کە پێشتر هەردوو وڵات بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی بە ئێران، چەندین سزایان خستبووە سەر قەتەر.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.





باسنيوز
Top