ئێران سزای زیاتر لە ٥٥ ساڵ زیندانی بەسەر سێ چالاکوانی ژندا سەپاند

 ئێران سزای زیاتر لە ٥٥ ساڵ زیندانی بەسەر سێ چالاکوانی ژندا سەپاند
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە سێ چالاکوانی ژن و دژبەرانی سەرپۆشی زۆرەملێ بەناوەکانی "یاسەمین ئاریانی، مونیرە عەرەبشاهی و موژگان کەشاوەرز" بە ٥٥ ساڵ حوکمی زیندان سزا داوە.



لەمبارەوە کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) بڵاوی کردووەتەوە لە ئەگەری یەکلابوونەوەی ئەو حوکمە و بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، هەرکامەیان دەبێ ١٠ ساڵ لە زینداندا بن.



ماڵپەڕی هێرانا لە وردەکاریی حوکمی ئەو سێ چالاکوانە بڵاوی کردووەتەوە: "هەرکام لەو سێ چالاکوانە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بەمەبەستی تێکدانی تەناهی و ئاسایشی نەتەوەیی" هەرکام بە ٥ ساڵ زیندان، بە بۆنەی "پڕوپاگاندا لەدژی حکوومەت" هەرکام بە یەک ساڵ زیندان و بەهۆی "هاندانی خەڵک بۆ بێ ئەخلاقیی ناو کۆمەڵ" هەرکام بە دە ساڵ زیندان حوکم دراون هاوکات موژگان کەشاوەرز، بەهۆی "سووکایەتی بە پیرۆزییەکان" بە ٧ ساڵ و شەش مانگ زیندان حوکم دراوە.



بەپێی زانیاریی پارێزەرانی ئەو سێ چالاکوانە ژنە، حوکمی بەندکرانیان دوێنێ چوارشەممە لە دادگای تاران و بە ئامادەبوونی خۆیان و بەبێ پارێزەرەکان پێیان ڕاگەیەندراوە.



ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو سێ چالاکوانە ژنە، "دژایەتیی سەرپۆشی زۆرەملێ، هاندان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ فەسادی ئەخلاقی" بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و دەزگای دادوەریی ئێرانەوە دڕووبەڕوویان کراوەتەوە.



بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە لەناو هێڵی میترۆی تاران بەبێ لەچکە و ڕووبەند لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا گوڵیان پێشکەشی خەڵک کردووە.




باسنيوز
Top