هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزیوە
دابەزینی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کاتێکدایە کە پێش گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، ڕۆژانە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و ڕێکەوتی ٢ی٤ی٢٠١٩ ئەمریکا بڕیاری لێخۆشبوونی هەندێ لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و هەوڵی ئەوەیە ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر، بەڵام هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن چین و تورکیا هێشتا بە ڕێژەیەکی کەم نەوت لە ئێران دەکڕن.
ئەگەر بێت و ئەم ئامار و داتایانەی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە کۆمپانیای هەڵسەنگاندن و چاودێریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان (ڕفینیتۆ)ی وەرگرتووە، پەسەن بکرێن، بە واتای دابەزینی 95٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانە لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کشاوەتەوە و گەمارۆکانی سەر تاران لەلایەن واشنتۆنەوە دەستیان پێ کردووەتەوە.
هەرچەند هەندێ سەرچاوەی دیکەش باس لە هەناردەی نەوتی ئێران بە ڕێژەی 225 تاکوو 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دەکەن، بەڵام کۆمپانیای (کلپر)ی نەوتی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هێشتا دیار نییە لەو ڕۆژەیە چەندی فرۆشراوە و پەرسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن توانایی ئێرانی بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی کەم کردووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە ئێران بەشێک لە نەوتی خۆی لەناو تانکەر و کەشتییە وەستێنراوەکان لە کەنداو، یان دامەزراوەکانی دیکە لەناو خاکی خۆی، یان چین ئەنبار دەکات و ئێستا ١١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەو مەخزەنانە بێ موشتەری و کڕیار ماونەتەوە.
باسنيوز
