واشنتن لە رێككەوتنی موشەكی ئەمریكا- روسیا دەكشێتەوە

 واشنتن لە رێككەوتنی موشەكی ئەمریكا- روسیا دەكشێتەوە
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، نیازی هەیە سەبارەت بە چاودێریكردنی چەك و بەرهەمهێنانی چەك لەگەڵ روسیا رێككەوتنێك ئەنجامبدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی CBCی ئەمریكیدا رایگەیاند، "پێموایە سەبارەت بە چاودێریكردن و پڕچەككردن لەگەڵ روسیا دەگەینە رێككەوتنێك و هەردولا رێككەوتنەكە واژۆدەكەین".

دەمەوێت سەبارەت بە موشەكی كورت و ناوەندمەودا لەگەڵ هەریەك لە روسیا و چین رێككەوتنێك ئەنجامبدەم


سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ سەبارەت بە رێككەوتننامە موشەكییەكەی نێوانیان، چەندین جار ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا رایگەیاندوە، دەیەوێت سەبارەت بە موشەكی كورت و ناوەندمەودا لەگەڵ هەریەك لە روسیا و چین رێككەوتنێك ئەنجامدات، لەكاتێكدا چین رایگەیاندوە، نایەوێت لە رێككەوتنێكی لەوجۆرەدا بەشداربێت.

لە بەرامبەریشدا پاش لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكا، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "رۆژی هەینی 2ی ئاب پەیماننامەی ستارت-3ی نێوان ئەمریکا و روسیا كۆتایی دێت، چونكە ئەمریکا پاشەكشەی لەو پەیماننامەیە دەكات".

روسیا ئەو پەیماننامەیەی پێشێلكردوە و بەرپرسیاریەتی پاشەكشەكردنی واشنتن لە ئەستۆی مۆسكۆدایە


بۆڵتن دوپاتیكردەوە، "روسیا ئەو پەیماننامەیەی پێشێلكردوە و بەرپرسیاریەتی پاشەكشەكردنی واشنتن لە ئەستۆی مۆسكۆدایە، چونكە بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی سیستەمە موشەكی و بالیستییەكانی و ئەوەش پێشێلكردنی پەیماننامەكەیە".

كێشەیەكی دیكە هەیە كە چین ئەندامی ئەو پەیماننامەیە نیە و موشەكەكانی پەرەپێداوە


ئاماژەی بەوەشكردوە، "كێشەیەكی دیكە هەیە كە چین ئەندامی ئەو پەیماننامەیە نیە و موشەكەكانی پەرەپێداوە، بەڵام بەهۆی پابەندبونی بە پەیماننامەكەوە ئەمریکا نەیتوانیوە پەرە بە سیستەمە موشەكیەكانی بدات".

لە لایەكی دیكەوە، سێرگی ریابكۆڤ، جێگری وەزیی دەرەوەی روسیا دوێنی سێشەممە رایگەیاند، "مۆسۆك لە پلانیدا نیە بەهۆی كۆتاییهاتنی پەیماننامەی ئەمریكا-روسیا سەبارەت بە موشەكی ناوەند و كورت مەودا لە داهاتودا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت".

لە 2ی شوباتی ئەمساڵەوە واشنتن پابەندبونەكانی بە پەیماننامەی موشەكی ئەمریكا-روسیا هەڵپەساردوە

لە رێكەوتی 2ی شوباتی ئەمساڵەوە واشنتن پابەندبونەكانی بە پەیماننامەی موشەكی ئەمریكا-روسیا هەڵپەسارد كە ساڵی 1987 بە مەبەستی سنورداركردنی پەرەپێدانی موشەكە ئەتۆمیە كورت و ناوەندمەوداكانیان واژۆیانكردبو.

واشنتن راشیگەیاندبو، "لە ئەگەری پابەندنەبون و نەگەڕانەوەی مۆسكۆ بۆ پەیماننامە موشەكیەكە، پاش تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر هەڵپەساردنی پابەندیەكان، واشنتن لەو رێككەوتننامەیە دەكشێتەوە".

لەبەرامبەر راگەیەندراوەكەی ئەمریكادا، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لە هەنگاوێكی هاوشێوەدا رێكەوتی 2ی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، "روسیا پابەندیەكانی بە ریككەوتننامە موشەكیەكە هەڵدەپەسێرێت".



خەندان
Top