عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران : پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بە كردار وتەكانیان بسەلمێنن
عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش كۆبونەوەیەكی نائاسایی لیژنەی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كێشەیەكی جددی هەیە و پێویستە چارەسەر بكرێت، كۆبونەوەكەش بە شێوەیەكی ئەرێنی ئەنجامدراوە".
سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی لیژنەكە كە پێكهاتبو لە نوێنەرانی لایەنەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە عراقچی وتی، "دانوستانەكان بنیادنەربون و سەرجەم لایەنەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە هەنگاوەكانیان لە چوارچێوەی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەدا بێت".
عراقچی باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی كۆبونەوەی سەرۆك وەزیرانی سەرجەم ئەو وڵاتانە كرد كە واژۆیان لەسەر رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە هەیە و رونیکردەوە، "هەندێك رێكاری سەرەتایی لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە و پێدەچێت لەسەر ئاستی شارەزایان كۆبونەوەی دیكە ئەنجامبدرێت، ئەوەش هاوكاردەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامی جددی لەكاتی چاوپێكەوتنی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتانەدا".
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا عراقچی رایگەیاند، "ئێران تەنها وتەی ناوێت و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا بە كردار وتەكانیان بسەلمێنن، تا ئەو كاتەی داواكاریەكانمان جێبەجێدەكرێت بەردەوامدەبین لە كەمكردنەوەی پابندیەكانمان بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە".
خەندان-
