ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی لە ڤییەن کۆ دەبنەوە

 ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی لە ڤییەن کۆ دەبنەوە
ئەمڕۆ جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا کەلە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)دا ماون سەردانی ڤەەین پایتەختی نەمسای کردووە.



ئەم دانیشتنەی کۆمسیۆنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر داوای بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی٧ی٢٠١٩ لە ڤییەن بەڕێوە دەچێت و عەباس عێراقچی، سەرۆکایەتیی شاندی ئێران دەکات.



هەروەک میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا، هەموو پرس و لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو ڕێککەوتنە تاوتوێ دەکرێن.



لایەنە ئەورووپییەکان لەبارەی زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە زۆر نیگەرانن و بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لە قەڵەمی دەدەن و دوو هەفتە لەمەوبەر خوازیاری کۆبوونەوەی خێرای کۆمیسیۆنی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە بوون.



نووسینگەی فدریکا مۆگرینی، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، هەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی٧ی٢٠١٩ کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئێران) لە نەمسا بەڕێوە دەچێت.



لێپرسراوانی ئەتۆمیی ئێران مانگی ڕابردوو ڕایان گەیاند کە ئاست و ڕێژەی یۆرانیۆمی ٣.٦٧٪ی پیتێندراوی خۆی گەیاندووەتەوە ٣٠٠ و ڕێژەی چڕیی یۆرانیۆمی پێتێندراوی خۆی گەیاندووەتەوە ٤.٥٪.



کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکساڵ دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لە حاڵێکدا چەندان جار لە بەرانبەر زیاترکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و پەرچەکرداری ئەورووپییەکان ڕەخنەی گرتووە، ئێستا بە کردەوە خۆشی لە بەڵێنەکانی بەو ڕێککەوتنە پاشگەز دەبێتەوە و ئەمەش بووەتە جێگەی ڕەخنەی وڵاتانی ئەورووپی.



هاوکات چین و ڕووسیاش لەم هەڵوێستەی ئێران نیگەرانن و داوایان لەو وڵاتە کردووە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و زیاترکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی دیارایکراو خۆی ببوێریت.











باسنیوز
Top