نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو وڵاتانە دەستنیشاندەکات کە زۆرترین ژن و منداڵ دەکوژن

نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو وڵاتانە دەستنیشاندەکات کە زۆرترین ژن و منداڵ دەکوژن
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکراکرد کە زۆرترین ژن و منداڵیان لەجەنگ و روبەروبونەوەکاندا کوشتوە.

تەنها ساڵی 2018 سعودیە 279 منداڵی لەشەڕی یەمەن و ململانێی حوسییەکاندا کوشتوە


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دوێنێ هەینی لەراپۆرتێکیدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردوە، ئەنتۆنیۆ گوتێرز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەناوی ئەو وڵاتانە کردوە کە زۆرترین رێژەی ژن و منداڵیان بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانیانەوە کوشتوە و تێیداهاتوە تەنها ساڵی 2018 سعودیە 279 منداڵی لەشەڕی یەمەن و ململانێی حوسییەکاندا کوشتوە کە نزیکەی نێوە ژمارەی تەواوی مناڵانی کوژراوە بەهۆی توندوتیژییە سەربازییەکانەوە.

هاوپەیمانێتی عەرەب کە سعودیە رابەرایەتیدەکات بۆ سێیەمین ساڵ کرایە لیستی رەشەوە

لەراپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئاماژە بەوەشکراوە بەوهۆیەوە هاوپەیمانێتی عەرەب کە سعودیە رابەرایەتیدەکات بۆ سێیەمین ساڵ کرایە لیستی رەشەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە زۆرترین رێژەی کوشتنی منداڵ لەساڵی 2014 ەوە ساڵی رابردو ئەنجامدراوە و لەو روەشەوە ئیسرائیلییەکان زۆرترین رێژەی کوشتن و بریندارکردنی منداڵانیان تۆمارکردوە.

هیچ پارت و لایەنێکی ئیسرائیل نەخراوەتە لیستی رەشەوە


ئەوەی جێگای سەرنجە، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان، سەرەڕای تۆمارکردنی زۆرترین رێژەی کوشتنی منداڵان، بەڵام هیچ پارت و لایەنێکی ئیسرائیل نەخراوەتە لیستی رەشەوە.

هەرچەند راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەناوی ئەو وڵاتانەی دیکە نەکردوە کە دەستیان لە کوشتنی رێژەی زۆری منداڵدا هەیە، بەڵام ئەوەی رونکردۆتەوە کە هەریەک لە سعودیە و ئیسرائیل هەوڵی زۆریانداوە نەخرێنە لیستی رەشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە.

لەساڵی 2014 کە زۆرترین رێژەی کوشتنی منداڵ لەسەر دەستی ئیسرائیلییەکاندا تۆمارکرا، نەتەوە یەکگرتوەکان جگە لەرەخنەگرتن ئەو وڵاتەی نەخستە لیستی رەشەوە، ئەوە بوە جێگەی رەخنەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان و ئیسرائیلیش رەتیکردەوە لۆبی کردبێت بۆ رازیکردنی بانکی مونی سرکرتێری ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتوەکان.








خەندان
Top