ئەردۆغان: ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی F-35 یان پێنەفرۆشێت رو لەشوێنی دیکە دەکەین

ئەردۆغان: ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی F-35 یان پێنەفرۆشێت رو لەشوێنی دیکە دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی F-35 یان پێنەفرۆشێت رو لەشوێنی دیکە دەکەن.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێوارەی دوێنێ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بە ئەندامانی باڵای پارتەکەی رایگەیاندوە ئەگەر ئەمریکا فڕۆکەی F-35 یان پێنەفرۆشێت رو لەشوێنی دیکە دەکەن و بێبەشکردنی ئەوان لەپرۆگرامی فڕۆکەی جەنگی F-35 لەلایەن ئەمریکاوە رێگرنابێت لەبەدیهێنانی ئامانجەکانیان.

بەنیازن 100 فڕۆکەی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای ( بۆوینگ) بکڕن و گرێبەستەکە واژۆ دەکەن


ئەردۆغان ئاشکراشیکرد، سەرەڕای رێگرییەکانی ئەمریکا لەکڕینی فڕۆکەی جەنگی F-35، بەڵام ئەوان کۆتای بەپەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ناهێنن و لەئێستاشدا بەنیازن 100 فڕۆکەی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای ( بۆوینگ) بکڕن و گرێبەستەکە واژۆ دەکەن، ئەوان مشتەرییەکی باشی ئەمریکان.

ئەگەر ئەمریکا ئەو دەرگایان لەسەر دابخات ئەوا ئەوانیش ناچاردەبن چاو بەرێکەوتنی کڕینی بەرهەمەکانی (بۆوینگ)دا بخشێننەوە


ئەردۆغان وتوشیەتی ئەگەر ئەمریکا ئەو دەرگایان لەسەر دابخات ئەوا ئەوانیش ناچاردەبن چاو بەرێکەوتنی کڕینی بەرهەمەکانی (بۆوینگ)دا بخشێننەوە.
پاش شكستهێنانی لەكڕینی سیستمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی، ساڵی 2017 دا حكومەتی توركیا واژۆی كڕینی سیستیمی بەرگری موشەكی S-400 لەگەڵ روسیا كرد و هەفتەی رابردوش یەكەم قۆناغی گواستنەوەی سیستمەكە تەواوبو.

بەوتەی بەرپرسانی توركیا، بەم نزیكانە قۆناغی دوەم بۆ گواستنەوەی سیستمی دوەمی بەرگری دەستپێدەكات.

لەماوەی رابردودا، بەرپرسانی ئەمریكا جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە حكومەتی توركیا لەپرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی F-35 دەردەكەن وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ سزادانی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی روسی.

دوێنێش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لۆمەی تورکیا ناکەن بۆ کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی S-400 و ئەو دۆخە دەخوێننەوە کە تورکیای تێدایە.








خەندان
Top