وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
وەزیری نوێی بەرگریی ئەمریکا سەردانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی، کۆ دەبێتەوە.
لەو سەردانەیدا، کە بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەنجامی بدات، مارک ئیسپەر تاوتوێی مەترسیی و هەڕەشە و ”گێچەڵ“ـەکانی ئێران لەسەر ناوچەکە دەکات.
زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
