نرخی نەوتی خاو بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی

نرخی نەوتی خاو بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی
ئاڵۆزتربونی رێكارە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، رێژەی نەوتی خەزنكراو لە عەمبارە نەوتیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش رووی لە دابەزین كردوە.

زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران، بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، ئەوە لەكاتێكدایە نیگەرانیەكان سەبارەت بە خاوبونەوەی گەشەی ئابوری و بازرگانی جیهان لە بەردەوامیدایە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 20 سەنت و بەرێژەی لەسەدا 0.3 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 64.03 دۆلار لە كۆتا مامەڵەیدا، لەكاتێكدا دوێنێ سێشەممە نرخی برێنت بە رێژەی لەسەدا یەك بەرزبونەوەی تۆماركردوە.

هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا 23 سەنت و بەرێژەی لەسەدا 04 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل خاوی ئەو بەرهەمە كردویەتیە 57 دۆلار لە كۆتا مامەڵەیدا، كە لە كۆتا مامەڵەی دوێنێ سێشەممەدا هاوشێوەی برێنت بە رێژەی لەسەدا یەك بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە.

هەفتەی رابردو، رێژەی بەرهەمی خاوی خەزنكراو لە عەمبارە نەوتیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینی، بە شێوەیەك لە 19ی تەمموزدا رێژەكە لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ 449 ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزی.

دابەزینی رێژەی خەزنكراوی خاوی ئەمریكی و زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی پەیوەندیەكانی نێوان ئێران لەگەڵ هەرەیەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و شانشینی یەكگرتوی بریتانیا، لەماوەی دوو هەفتەی رابردودا كاریگەری بەرچاویان لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوتی خاو هەبوە.






باسنيوز
Top