بۆریس جۆنسن بووە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا
ئەمڕۆ سێشەممە 23/7/2019، ئەندامانی پارتی پارێزگاران لە بەریتانیا، دەنگیان بە بۆریس جۆنسن دا بۆ بوونی بە سەرۆکی پارتەکە کە ھاوکات دەبێت بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش.
ھەڵبژاردنی جۆنسن دوای دەستلەکارکێشتانەوەی ترێزا مەی دێت کە بەھۆی شکستھێنانی لە وەرگرتنی متمانە بۆ پلانی دەرچوون لە یەکێتیی ئەورووپا (برێگزیت) پۆستەکەی چۆڵ کردبوو.
وا بڕیارە سبەی چوارشەممە، جۆنسن بە فەرمی وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەستبەکار بێت.
یەکێک لە کێشەکانی جۆنسن لە پۆستە نوێیەکەیدا داڕشتنی پلانێکە بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا کە بتوانێت لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەش پشتیوانی بەدەست بێنێت، جۆنسن بەڵێنی داوە تا تشرینی یەکەمی ئەمساڵ برگزیت بە ڕێککەوتن، یان بێ ڕێککەوتن جێبەجێ بکات.
باسنيوز
