لە ئوسترالیا مینی پاسێکی پڕ لە ماددەی ھۆشبەر دەستی بەسەردا دەگیرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 23/7/2019، میدیا جیھانییەکان بڵاویان کردەوە، مینی پاسێک لە شاری (سیدنی)ی ئوسترالیا لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی ھاتوچۆ تووشی ڕووداوی ھاتوچۆ ھات، لە ڕووداوەکەشدا تەنیا زیانی ماددی ھەبوو و کەس برینداریش نەبوو، مینی پاسەکەش ڕای کرد.
دوای تێپەڕبوونی کاتژمێرێک بەسەر ڕووداوەکە، پۆلیس لە ناوچەیەکی دیکەی نزیک سیدنی، دەستی بەسەر پاسەکەدا گرت و دەرکەوت مینی پاسەکە 273 کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەری (کریستاڵ مێس)ی پێ بووە، ماددە نرخەکەشی بە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەمڵێنرا.
دواتر مینی پاسەکە و ماددە ھۆشبەرەکان دەستیان بەسەردا گیرا، ھەروەھا شۆفێری مینی پاسەکە کە تەمەنی 28 ساڵ بوو دەستگیر کرا.
لە ئوسترالیا، ماددەی ھۆشبەری (کریستاڵ مێس)، یەکێکە لەو ماددە ھۆشبەرانەی بەڕێژەیەکی زۆر ھەیە، ھەروەھا قەدەغەکراوە و زیانێکی زۆریش بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت.
باسنيوز
