حكومەتی بریتانیا تاوتوێی بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئێران دەكات

 حكومەتی بریتانیا تاوتوێی بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئێران دەكات
حكومەتی بریتانیا ئەمڕۆ بژاردەكانی بەردەمی لە وەڵامدانەوەی هەنگاوەكانی ئێران تاوتوێ دەکات، دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بریتانیادا گرت.

نوسینگەی تێرێزا مەی، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا رایگەیاند، "رۆژی دوشەممە بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران، لیژنەیەكی حكومی بە مەبەستی تاوتوێكردنی قەیرانەكانی لەگەڵ ئێران كۆبونەوەیەكی بەپەلە ئەنجامدەدات".

ئەو هەنگاوەی بریتانیا پاش ئەوەدێت هەینی رابردو 19ی تەمموز سوپای پاسدارانی ئێران لە گەروی هورمز، دەستیگرت بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگردا كە ئاڵای بریتانیای هەڵگرتبو.

پێشبینیدەكرێت ئەمڕۆ دوشەممە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەدا هەنگاوەكانی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران رابگەیەندرێت


حكومەتی بریتانیا تەنها كەمێك زانیاری لەبارەی وەڵامدانەوەكانیان بۆ ئێران خستەڕو، بەڵام پێشبینیدەكرێت ئەمڕۆ دوشەممە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەدا هەنگاوەكانی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران رابگەیەندرێت.

سەبارەت بەو بابەتە، شارەزایانی ناوچەكە پێیان وایە بریتانیا تەنها ژمارەیەك هەنگاوی سنورداری لەبەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا توندترین سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوە.

ژمارەیەك بژاردە تاوتوێدەكەین بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئێران، هاوكات گوێ لە بۆچونی هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكانیشمان دەگرین


تۆبیاس ئێلود، وەزیر لە وەزارەتی بەرگری بریتانیا رایگەیاندوە، "ئەمرۆ دوشەممە ژمارەیەك بژاردە تاوتوێدەكەین بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئێران، هاوكات گوێ لە بۆچونی هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكانیشمان دەگرین تا بزانین لە راستیدا دەتوانین چ كارێك ئەنجامبدەین".

هەینی رابردو، كەشتیەكی نەوتهەڵگری بریتانی بە تۆمەتی پێشێلكردنی هاتوچۆی دەریایی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستیبەسەردا گیرا.

موراد عەفیفی پور، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەریایی لە پارێزگای هورمزخانی ئێران رایگەیاند، "ئەو كەشتیە نەوتهەڵگرە بریتانیە، بە تۆمەتی پێشێلكردنی هاتوچۆی دەریایی دەستیبەسەردا گیراوە، چونكە لە گەروی هورمز خۆی كێشاوە بە بەلەمێكی ماسیگرەكاندا".

هاوكات دوێنێ یەكشەممە، تەلەفزیۆنی پرێس تی ڤی ئێرانی، گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردوەتەوە، تێیدا ئاڵای ئێران لەسەر ئەو كەشتیە نەوتهەڵگرە بریتانیە بەرزكراوەتەوە كە هەینی رابردو 19ی تەمموز لە گەوی هورمز دەستیگرت بەسەریدا.






خەندان
Top