ئێران: تەواوی ستافی کەشتییە بریتانییەکە سەلامەتن

ئێران: تەواوی ستافی کەشتییە بریتانییەکە سەلامەتن
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە تەواوی ستافی کەشتییە بریتانییەکە کە 23 کەسن و رۆژی هەینی رابردو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەرداگیرا سەلامەتن و لەتەندروستییەکی باشدان.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەییە، ئەڵا موراد ئەفیف پور، سەرۆکی بەشی بەندەرەکان و هێزی دەرەیاوانی ئێران بەتەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندوە تەواوی ستافی کەشتییە بریتانییەکە کە 23 کەسن و رۆژی هەینی رابردو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەرداگیرا سەلامەتن و لەتەندروستییەکی باشدان.

ستافەکە لەبەندەر عەباس دەستبەسەرن


ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆماری ئیسلامی ئێران راشیگەیاندوە، لەئێستادا ستافەکە لەبەندەر عەباس دەستبەسەرن و لەژێر چاودێری وردان.

ستافی کەشتییەکە هیچ کەسێکی بەرەگەز بریتانی تێدانیە


بەپێی زانیارییەکان، ستافی کەشتییەکە بەرەگەز هندی و لاتیڤی و روسی و فلیپینین و هیچ کەسێکی بەرەگەز بریتانی تێدانیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، جێرمی هەنتی وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندوە هەفتەی داهاتو وڵاتەکەی فشارەکانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەیان زیاددەکات و پێدەچێت بلۆککردنی مامەڵە داراییەکانی ئێران یەکێک بێت لەبژاردەکان.

لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاش قسەدەکەن بۆ سەپاندنی سزای زیاتر

هەنت هەڕەشەی زیاتر لەئێران کردوە و رایگەیاندوە، ئەگەر ئێران دەستبەجێ کەشتییەکەیان ئازادنەکات ئەوا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاش قسەدەکەن بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوی نێوان ئێران و رۆژئاوا پاش دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بریتانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر رۆشتوە و رێگەی ئاوی نزیکەی سێیەکی نەوتی جیهان توشی گرفتی زۆر بوە و بەهۆیەوە لەکۆتایی هەفتەی رابردو نرخی نەوت لەسەدا 2.8 زیادیکرد.

رۆژی هەینی رابردو کەشتی نەونهەڵگری بریتانی ( ستێنا ئیمیرۆ) لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەرداگیرا و بریتانیاش هەڕەشەی هەنگاوی کرداری و دەرئەنجامی خراپ لەئێران دەکات.





خەندان
Top