فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا لە ئێران دەکەن کەشتییە بەریتانییەکە ئازاد بکا
ئەمڕۆ شەممە 20-7-2019، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکە دەکات و وڵاتەکەی داوا لە ئێران دەکات ”رێز لە ئازادییە دەریاوانییەکان بگرێ و کەشتییەکە و تیمی کەشتیوانییەکەی، ئازاد بکا“.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی زیادکردنێکی ئاڵۆزییەکان، ”ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورە، بۆیە داوای بەپەلە ئازادکردنی کەشتییەکە دەکەین“.
رۆژی هەینی 19-7-2019 بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، کە لە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی، دەستیان بەسر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیدا گرتووە.
هەر ئەمڕۆ جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، ”ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێ، بە رێگایەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەهێز وەڵامی ئێران دەدەینەوە“.
باسنيوز
