سێ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ئەوەی دیمانەیان لەگەڵ داود ئۆغڵو كردووە لە كارەكەیان دەركران
یاڤووز ئۆغهان و ئیسماعیل سایماز و ئاكیف باقی، لە ئاژانسی (سپوتنیك)_ی بەشی توركی و رادیۆی RS بەرنامەیەكیان بە هاوبەشی هەبوو بە ناوەی (ئەوەی دەبێت بوترێت لای ئێمەیە)، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە یوتوب دیمانەیان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلو كردوە، بەرنامەكەیان لەو ٢ میدیایە راگیرا و كۆتاییش بە كارەكەیان هاتوە.
ئەحمەد داودئۆغلو لەسەر ئەو رەفتارەی حكوومەت هاتە وەڵام و بە توندی رەخنەی لەو بڕیارە گرت و، لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: ”ئەم بڕیارە هیچ شتێك هەڵناگرێت، ئێوە هەر دەرگایەك دابخەن، ئێمە دەرگای تر دەكەینەوە. ئێمە بێ دەنگ نابین“.
سەرەتا ئەو ٣ رۆژنامەنووسە ویستویانە دیمانە لەگەڵ داودئۆغلو لە (سپۆتنك) و رادیۆی RS پەخش بكەن، بەڵام بەڕێوەبەرەكانیان رێگەیان نەداوە و گوتویانە دیمانە لەگەڵ ئەودا لێرە بڵاونابێتەوە. بۆیە ئاكیف باقی لە كەناڵی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردوەتەوە و لەسەر ئەو بڵاوكردنەوەیە هەر ٣ رۆژنامەنووس دەركراون.
یاڤووز لە تویتەر نووسیویەتی ”لەم وڵاتە هیچ شتێك بە بێ سزا كۆتایی نایەت. دوێنی لەگەڵ داودئۆغلو دیمانەمان كردوە لە رێگەی یوتوبی خۆمانەوە، كەچی ئەمڕۆ لە كارەكەمان دوور خراینەوە“.
باسنيوز
