ئەردۆغان داواکارییەک ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ دەکات
سەرۆک کۆماری تورکیا داواکارییەک ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات و ئامانجی وڵاتەکەشی لە کڕینی سیستەمی مووشەکیی S400، ئاشکرا دەکات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی راگرتن یان دواخستنی سەپاندنی سزای بەسەر وڵاتان هەیە.
بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکیی S400، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر تورکیا، دەکات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە، کە پێویستە دۆناڵد ترەمپ رێگایەکی ناوەند بدۆزێتەوە لە جیاتی سزادانی تورکیا، چونکە ”لەو باوەڕەدا نیم ترەمپ هاوهەڵوێست بێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە سزادانی تورکیا“.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئامانجی وڵاتەکەی لە کڕینی سیستەمە مووشەکییەکە ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ”کڕینی سیستەمەکە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەکەمانە نەک ئامادەکاری بۆ شەڕ“.
لە رۆژانی هەینی 12-7-2019 و شەممە، دوو فڕۆکە کەلوپەلی سیستەمی مووشەکیی S400ـیان لە رووسیاوە گەیاندە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.
ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت.
باسنیوز
