تایمز: جۆنسن دەیەوێت پاش بونی بە سەرۆك وەزیران سەردانی ترەمپ بكات

تایمز: جۆنسن دەیەوێت پاش بونی بە سەرۆك وەزیران سەردانی ترەمپ بكات
رۆژنامەی تایمز-ی بریتانی ئاشكرایكردوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەبارەی رێككەوتنی بازرگانیو بۆریس جۆنسن نیازی هەیە پاش بونی بە سەرۆك وەزیرانی بریتانیا سەردانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بكات.

لە بڵاوكراوەكەی تایمز-ی بریتانیدا هاتوە، بۆریس جۆنسن، یەكێك لە بەهێزترین كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا، نیازی هەیە لە ماوەی دوو مانگی یەكەمی بون بە سەرۆك وەزیراندا، سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بكات تا لەبارەی رێككەوتنی بازرگانی نێوان هەردو وڵات بگەنە ئەنجام.

ئەو رۆژنامەیە لە زاری هاوڕێیەكی جۆنسن، كە سەرۆكی پێشوی شارەوانی لەندەن بوە رایگەیاندوە، "كلیلی هەموو بابەتەكە لە دەستی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادایە، ئەگەر لەگەڵ ئەو وڵاتەدا رێككەوتنی بازرگانی ئەنجامبدەین، بە شێوەیەكی خێرا رێككەوتنی دیكەی بەدوادادێت، ئەوەش دەبێتە پەیامێك بۆ ئەوانی دی كە ئێمە جددین لەوبارەیەوە".

ئالێكساندەر بۆریس جۆنسن، لە ئێستادا یەكێكە لە كاندیدە بەهێزەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا و بەرامبەر جێرێمی هەنت ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە كێبڕكێدایە، ئەوەش دوای ئەوەدێت رێكەوتی 7ی حوزەیرانی ئەمساڵ تێرێزا مەی، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و رایگەیاند "تا هەڵبژاردنی كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكەی ئەو ئەركە بەڕێوەدەبات".

جۆنسن یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی بریتانیا كە پێشتر رۆژنامەنوس بوە و ماوەیەك ئەندامی پەرلەمانی بریتانیا بوە، دواتر لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2016 بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆكی شارەوانی لەندەن بوە و دوای ئەوەش بۆ ماوەی دو ساڵ تا 2018 پۆستی وەزیری دەرەوەی بریتانیای وەرگرتوە، بەڵام دواتر دەستی لە كارەكەی كێشاوەتەوە و لەئێستادا خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ئامادەكردوە.








خەندان
Top