دۆناڵد ترەمپ: دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان

دۆناڵد ترەمپ: دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان
لە مانگی رابردوو نزیکەی 95 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکا دەستگیرکراون، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە نێو خاکی ئەمریکا یان تاوانبارن یان تێکەڵ بەکاری تاوان دەبن و ئاسایشی وڵاتەکە تێکدەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان.

بایرۆن خوال یەکێکە لە هەزاران منداڵی دیکەی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست، بە بڕیاری ئیدارەی ترەمپ لە دایک و باوکەکانیان جیاکراونەتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای چوونیان بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ نێو خاکی ئەمریکا، باوکی دەڵێت: ئەگەر کەسێک بە منی بگوتایە بە واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامانە کوڕەکەت لێرە دەمێنێتەوە و لە تۆ جیادەکرێتەوە، هەرگیز واژۆم نەدەکردن، من نازانم رووداوەکان بەرەو کوێ دەڕۆن، بەڵام کوڕەکەم نامەوێت ئەو هەستە لەبیربکەیت من و دایکت، دایک و باوکی تۆین.

ترەمپ ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە گوایە ژیان و گوزەرانی کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان خراپە و رایگەیاند: ژیانیان بەراورد بە ژیانی نێو وڵاتەکانیان زۆر باشترە، ئەو کۆچبەرانە لە هەژارییەکی لەڕادەبەدەرەوە هاتوون نە ئاویان هەبووە و نە هیچ شتێكی دیکە، بۆیە ئێستا خۆشحاڵن کە لێرەن.

هاوکات ئەندامانی کۆنگرێس بەتایبەتی دیموکراتەکان دژ بە هەڵوێست و بڕیارەکانی ترەمپ دەوەستن.

ئێلیجا کەمینگس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتی دیموکراتەکان دەڵێت: ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەڵێت هیچ کێشەیەک لەنێو ناوەندەکانی دەستگیرکردندا نییە و منیش دەڵێم ئێمە رازی نابین بەوەی کە چەواشە بکرێین، ئیدارەی ترەمپ دەڵێت کۆچبەرەکان هەموو شتێكیان هەیە لەکاتێکدا وا نییە، دەشڵێت: هیچ جۆرە رەفتارێكی خراپیان لەگەڵدا ناکرێت کە وا نییە و ئێمە رێگەنادەین چەواشە بکرێین.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، لەمانگی حوزەیرانی رابردوودا نزیکەی 95 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا لە مانگی ئایاردا نزیکەی 133 هەزار کەس دەستگیرکراون و لە نیسانیشدا ئەو ژمارەیە لە 100 هەزار کۆچبەر نزیک بووە.










rudaw
Top