نەسروڵڵا: شەڕ لە کەنداو روو بدا دوو وڵاتی عەرەبی وێران دەبن

 نەسروڵڵا: شەڕ لە کەنداو روو بدا دوو وڵاتی عەرەبی وێران دەبن


ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕ لە کەنداوی عەرەبی روو بدا، ئەوا دوو وڵاتی عەرەبی وێران دەبن.

حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی (مەنار)ی سەر بە حزبەکەی، رایگەیاندووە، ئێران و ئەمریکا نایانەوێ شەڕ لە دژی یەک هەڵبگیرسێنن.

حەسەن نەسروڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، ئێران بەهیچ شێوەیەک دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکات و پەیامێکیشی لەڕێگای وڵاتی سێیەمەوە بۆ ئەمریکا ناردووە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی، لە هەر کوێ هێرش بکرێتە سەر ئێران، ئەوا ئێران هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە، شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە، ئەگەر شەڕ لە کەنداوی عەرەبی هەڵبگیرسێ، ئەوا هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات وێران دەبن.

زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.











باسنیوز
Top