جۆن بۆڵتن هەڕەشەی سزای زیاتر بەسەر ئێران دەکات
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە دیدارێکیدا لەگەڵ نوێنەرانی گرووپی مەسیحییە یەکگرتوەکان لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل، رایگەیاندووە، ئەمریکا بۆ دوو مەبەست، گوشارەکانی بۆ سەر ئێران زیاد دەکات، کە بریتین لە؛
- وەستاندن و لەناوبردنی بەرنامەی دروستکردنی چەکی ناوکی.
- راگرتنی کردە تیرۆریستییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جۆن بۆڵتن باوەڕی خۆی بە کاریگەریی سزاکانی وڵاتەکەی نیشان داوە و رایگەیاندووە، ئەو سزایانەی ئێستا تەنیا سەرەتای سزاکانن، سزای زیاتر بۆ سەر ئێران بەڕێوەیە.
زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
