لەبارەی ھەڵگرتنی گۆشتی سوورەوە ھۆشداری بە ھاووڵاتییان دەدرێت
شارەزایەکی بواری خۆراک لەبارەی ھەڵگرتنی گۆشتی سوور لە بەفرگرەکان ھۆشداری دەدات و ڕای دەگەیەنێت پێویستە ئەو گۆشتە لە شەش مانگ زیاتر نەمێنێتەوە.
لەشکر حەمید، شارەزای بواری خۆراک و لێپرسراوی لیژنەی تەندروستی و خۆپاراستنی سلێمانی ڕاگەیاند: گۆشتی سوور پێویستە لە نایلۆنی ڕووندا ھەڵبگیردرێت و بخرێتە ناو بەفرگرەوە، ھاوکات ھەوای ناو نایلۆنەکە دەربکرێت بۆ ئەوەی بەکتریای ناو ھەواکەی لەسەر گۆشتەکە گەشە نەکات و ڕەنگ و بەھا خۆراکییەکەی تێک نەدات".
گوتیشی: "پێویستە ئەو گۆشتە ماوەی شەش مانگ زیاتر ھەڵنەگیردرێت و لەو ماوەیەدا بەکار بھێندرێت، چونکە سوود و بەھای خۆراکیی تێدا نامێنێت، ھاوکات شەش کاتژمێریش پێش بەکارھێنان پێویستە بتوێندرێتەوە".
ڕاشی گەیاند: "ھەرکات گۆشتە ھەڵگیراوەکە ڕەنگەکەی بۆ ڕەش، یان قاوەیی گۆڕابوو ئەوە نیشانەی گەشەکردنی بەکتریایە لەسەری و پێویستە بە ھیچ شێوەیەک بەکار نەھێندرێت".
لەشکر حەمید، لەبارەی گۆشتی مریشکەوە ھەمان ڕێگەی ھەڵگرتن و پاراستنی گۆشتی سووری بە پێویست زانی، بەڵام کاتی ھەڵگرتنی نابێ لە سێ مانگ زیاتر بێت و وا چاکتریشە گۆشتی مریشک بە خۆشکراوی ھەڵنەگیردرێت.
باسنیوز
