ترەمپ هۆشدارییەکی توند بە ئێران دەدات: باشترە ئاگادار بن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دەستکردنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، رایگەیاندووە، ”بۆ ئێران باشترە ئاگادار بێ“.
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئێران بۆ یەک هۆکار یۆرانیۆم دەپیتێنێت، کە ”من ئەو هۆکارە ئاشکرا ناکەم، بەڵام باش نییە، باشترە ئاگاداری خۆیان بن“.
رۆژی یەکشەممە 7-7-2019، بەرپرسانی باڵای ئێران رایانگەیاند، چیتر پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و دەست دەکەنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئەمریکا ئێران بە دروستکردنی چەکی ناوکی تۆمەتبار دەکات و ئێرانیش رەتی دەکاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بێ.
زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
