رێکخراوە مرۆییەکان: سوپای رووسیا و ئەسەد کارەساتێکی مرۆییان لە ئیدلیب دروست کردووە

 رێکخراوە مرۆییەکان: سوپای رووسیا و ئەسەد کارەساتێکی مرۆییان لە ئیدلیب دروست کردووە


رێکخراوە مرۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سوپای رووسیا و رژێمی سووریا، کارەساتێکی گەورەی مرۆییان لە شاری ئیدلیب دروست کردووە.

تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشی ئەو دوو سوپایە بۆ سەر ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، 544 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە و دوو هەزار و 117 کەسی دیکەش بریندار بوون.

رێکخراوەکە هەروەها رایگەیاندووە، هەموو ئەو کەسانە لە دوو مانگی رابردوو گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

لە کۆتایی مانگی 4ـی ئەمساڵەوە، سوپای رژێمی سووریا، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتیی دەکات، بە هەماهەنگیی سوپای رووسیا، بەردەوام هێرش دەکەنە سەر شاری ئیدلیب، کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دایە.

سوپای رووسیا، کە لە مانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بۆ پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە چەند بنکەیەکی سەربازی لە سووریا جێگیر بووە، رەتی دەکاتەوە فڕۆکە جەنگییەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی بکەنە ئامانج.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.










باسنیوز
Top