فڕەنسا: ئێران هیچ شتێکی لە پێشێلکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەست ناکەوێت
ئانیس ڤۆن دێر موڵ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوانیدا رایگەیاند، "ئەگەر ئێران لە رێكەوتننامەکەی ڤییەنای ساڵی 2015 بێتە دەرەوە هیچ شتێکی دەست ناکەوێت".
گومانکردن لە رێکەوتنەکەدا تەنها دەبێتە هۆی زیادبونی گرژییەکانی ناوچەکە
ئاماژەی بەوەشکرد، "گومانکردن لە رێکەوتنەکەدا تەنها دەبێتە هۆی زیادبونی گرژییەکانی ناوچەکە".
فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانی داوا لە ئێران دەکەن پاشگەزبێتەوە لەو کارەی کردویەتی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا راشیگەیاند، "فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانی داوا لە ئێران دەکەن پاشگەزبێتەوە لەو کارەی کردویەتی و هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نەگرێتەبەر کە ببێتە هۆی لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە".
دوشەممەی رابردو کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی رایگەیاند، رێژەی یۆرانیۆمی خەزنكراوی وڵاتەكەی بە رێژەی زیاتر لەسەدا سێ بەرزكردوەتەوە، كە ئەو هەنگاوە شكاندنی بەشێكە لە پابەندیەكانی ریككەوتنە ئەتۆمیەكە.
پاش ئەو راگەیەندراوەی ئێران لەبارەی زیادكردنی رێژەی یۆرانیۆم-ی پیتێندراو لە وڵاتەكەیدا، دەسبەجێ كاردانەوەی لێكەوتەوە و وڵاتانی ئەوروپا و بریتانیا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش لەوباریەوە هۆشداریان دا.
زیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی یەدەگ پێشێلکارییەکی رونی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە
هاوکات دوێنێ سێشەممە یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی رێکەوتنە ئەتۆمییەکە راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە رایانگەیاند، زیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی یەدەگ پێشێلکارییەکی رونی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە و ئەو وڵاتە هەنگاو بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەنێت.
شارەزایانی چەکی ئەتۆمی پێیانوایە دروستکردنی تەنها یەک بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بە 25 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 90 هەیە.
لەبارەی مەترسی هەنگاوەکەی ئێران بۆ تێپەڕاندنی 300 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، تۆم بلاند بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و سیاسەتی ئەتۆمی لە پەیمانگای شاهانەی ئاسایش و بەرگری لەندەن رایگەیاندوە، ئەو هەنگاوەی ئێران مانادارە و بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو ئەو وڵاتە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکدەکاتەوە.
خەندان
