ئێران بە چەکێکی نهێنی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

 ئێران بە چەکێکی نهێنی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات


سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ”چەکیکی نهێنی“ هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3-7-2019، ئەمیر سەباحی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەبێ ئەمریکا ئاگاداری ئەوە بێ، کە بە نیشاندانی هێز، ناتوانێ ئێران بترسێنێت.

ئەمیر سەباحی هەروەها رایگەیاندووە، ئەمریکا ”هەر هەڵەیەک“ لە دژی ئێران بکات، ئەوا دەبێتە ”دوا هەڵە“ی ئەمریکا، چونکە ئێران “چەکێکی نهێنی و تایبەتی“ هەیە و پێیەوە بەرگریی لە خۆی دەکات.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، واشنتن چەندین سزای توندی بەسەر تاراندا سەۆپاند، کە زەقترینیان بریتین لە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.






باسنیوز
Top