وڵاتانی ئەورووپی: دەبێ ئێران لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی خۆی ببوێرێت

 وڵاتانی ئەورووپی: دەبێ ئێران لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی خۆی ببوێرێت
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، سەرەڕای دەبڕینی نیگەرانی پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی، داوایان لە ئێران کردووە لەو هەوڵانەی کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی خۆی ببوێریت.



ئەو ڕاگەیەندراوە لە کاردانەوە بە زیاترکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە هاتووەتە گۆڕێ، چونکە ئێران لەو ئاستەی کەلە ڕێککەوتنی ناوکیدا بۆی دیاری کردووە، پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کردووە و ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی.



ئێران ڕۆژی دووشەممە 2019.7.1 ئاشکرای کرد ڕێژەی کەڵەکەبوونی یۆرانیۆمی 3.5٪ی پیتێنراوی خۆی گەیاندووەتە 300 کیلۆگرام و هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیش ئەو بابەتەی پشتڕاست کردووەتەوە.



وەزیرانی سێ وڵاتی زلهێزی ئەورووپی جەختیان کردووەتەوە لە ئەگەری جێبەجێکردنی یەکجارەکیی ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام) لەلایەن ئێرانەوە، ئەوانیش پابەندی دەبن.



لەو ڕاگەیەندراوەدا بڕیاری ئێران بۆ تێپەڕاندنی ئەو ڕێژە یۆرانیۆمەی کەلە ڕێککەوتندا بۆی دیاری کراوە، هۆکاری بردنە ژێرپرسیاری ڕێککەوتنی ناوکییە.



وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە داوایان لە ئێران کردووە لەو هەوڵەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی کەم بکاتەوە.



لە بەرانبەردا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دوێنێ سێشەممە 2019.7.2 داوای لە ئێران کردووە دەبێ ئەو وڵاتە دەستبەجێ ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی کەم بکاتەوە و بیگەیەنێتە ئەو ڕێژەیەی کەلە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بۆی دیاری کراوە.



لە بەرانبەر هەڵوێستی ئەڵمانیا، فەڕەنەسا و بەریتانیادا، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "هەتا ئەوکاتە پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبن کە وڵاتانی ئەورووپی پابەندی بەڵێنە ئابوورییەکانیان بن".



زەریف جەختی کردووەتەوە ئێران هاوشانی وڵاتانی ئەورووپی پابەندی بەرجام دەبێت.





باسنیوز
Top