توركیا: ئەگەر ئەمەریكا فڕۆکەی F35 بە ئێمە نەفرۆشێ، ئەوا ئێمە فڕۆکەی رووسی دەکڕین
حکوومەتی تورکیا هۆشداریی دەداتە ئەمریکا بەوەی ئەگەر فڕۆکەی F35 بە تورکیا نەفرۆشێ، ئەوا تورکیا فڕۆکەی رووسی دەکڕێت.
بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکیی S400 لەلایەن تورکیاوە، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن ئاڵۆزی تێکەوتووە و ئەمریکا هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە ئەگەر تورکیا ئەو مووشەکە بکڕێ، ئەوا فڕۆکەی F35ـی پێ نافرۆشێ.
ماڵپەڕی (RT)ی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومەتی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەگەر ئەمریکا ئەو فڕۆکەیە بە تورکیا نەفرۆشێ، ئەوا تورکیا بیر لە کڕینی فڕۆکەی جەنگیی رووسی دەکاتەوە.
لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.
ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت.
باسنيوز
