روسیا پێشنیاز دەكات لەگەڵ ئەمریكا زیندانیەکانیان ئاڵوگۆڕ بكەن
روسیا دەیەوێت فڕۆكەوانێكی روسی كە لەئێستادا لە ئەمریكا زیندانیکراوە ئازاد بکات
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئینتەرفاكس-ی روسی، دوێنێ دوشممە روسیا پێشنیارێكی خستوەتە بەردەم واشنتن، سەبارەت بە ئاڵوگۆركردنی زیندانیەكی ئەمریكی بەرامبەر بە كۆنستەنتین یاروشینكۆ، فڕۆكەوانێكی وڵاتەكەی كە لەئێستادا لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زیندانیكراوە.
یاروشینكۆ ئازادبكەن و لە بەرامبەردا داوای هەر زیندانیەكی ئەمریكی بكەن كە لە وڵاتەكەمان زیندانیكراون
لەوبارەیەوە سێرگی ریابكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئینتەرفاكس رایگەیاند، "یاروشینكۆ ئازادبكەن و لە بەرامبەردا داوای هەر زیندانیەكی ئەمریكی بكەن كە لە وڵاتەكەمان زیندانیكراون".
لەمیانی لێدوانەكانی دیكەیدا ریابكۆڤ ئاماژەی بەوەكردوە، "باشتر دەبێت ئەگەر لەباری ئازادكردنی ویلان گفتوگۆ بكەن، لەكاتێكدا تا هێشتا ئەو سەربازە ئەمریكییە نەچوەتە بەردەم دادگای روسیا".
دەكرێت كەسانی دیكەی ئەمریكیش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ لەنێوانماندا گفتوگۆیان لەسەربكرێت
راشیگەیاندوە، "دەكرێت كەسانی دیكەی ئەمریكیش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ لەنێوانماندا گفتوگۆیان لەسەربكرێت".
پێدەچێت ئەو هەنگاوەی روسیا بۆ ئاڵوگۆركردنی پۆڵ ویلان بێت کە سەربازێكی پێشوی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكایە و لە روسیا بەندکراوە
لە هەواڵەكەی ئینتەرفاكس-دا هاتوە، "پێدەچێت ئەو هەنگاوەی روسیا بۆ ئاڵوگۆركردنی پۆڵ ویلان، سەربازێكی پێشوی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا بێت كە لە ئێستادا بە تۆمەتی سیخوڕیكردن و هەبونی پەیوەندی بە كاری تێكدەری سیاسیەوە لە لایەن مۆسكۆوە بەندكراوە".
هاوكات یاروشینكۆ، فڕۆكەوانێكی روسیە و بە تۆمەتی بەقاچاخكبردنی كۆكایین لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە ساڵی 2010 لە لیبیریا دەستگیركرا و تا ئێستاش لەو وڵاتە زیندانیە.
خەندان-
