ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ناوچەی لەچەک داماڵراوی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور.
سەرۆکی هەردوو وڵاتی کۆریای باکوور و ئەمریکا لە ناوچەیەکی سنووریی لە چەک داماڵراو، بۆ ماوەی دوو خولەک کۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-6-2019، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ناوچەی لەچەک داماڵراوی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور.
رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ داوای لە کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور کردبوو بێتە سەر سنوور، بۆ ئەوەی ماوەی دوو خولەک یەکتر ببینن، بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، کیم جۆنگ ئون رەزامەندیی لەسەر دیدارەکە داوە.
بڕیارە هەردوو سەرۆک ئەمڕۆ یەکشەممە یەکتر ببینن و سڵاو لە یەکتر بکەن.
رۆژی چوارشەممە 27-2-2019، کۆبوونەوەی دووەمی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام ئەنجام درا و بەبێ هیچ ئەنجام و رێککەوتنێک، کۆتایی هات.
پێشتر لە رۆژی 12-6-2018 بۆ یەکەم جار، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافورە کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان بۆ راگرتنی پەرەپێدانی چەکە ناوکییەکانی کۆریای باکوور واژۆ کرد.
باسنیوز
