ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا: شەڕی دژی تورکیا رایدەگەیەنین و بەرژەوەندییەكانیان دەكەینە ئامانج

ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا:  شەڕی دژی تورکیا رایدەگەیەنین و بەرژەوەندییەكانیان دەكەینە ئامانج


سوپای وڵاتێکی عەرەبی لە ئەفریقیا شەڕی دژی کۆماری تورکیا راگەیاند.

ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە ئەو سوپایە لە حکوومەتی ویفاقی نیشتیمانیی وڵاتەکەی هەڵگەڕاوەتەوە، رایگەیاند، قەتەر و تورکیا پاڵپشتیی ”میلیشیاکان“ی تەڕابلوسی پایتەختی لیبیا، کە مەبەست لێی حکوومەتی وڵاتەکەیەتی، دەکەن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی دەستیان بەسەر شاری غەریان لە باکووری رۆژئاوای وڵاتدا گرت و ئەحمەد مسماریش باسی لەوە کرد، کە تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هاوکاریی ”داگیرکردن“ی شارەکەی کرد.

گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە وڵاتانی کەنداو (جگە لە قەتەر) پاڵپشتی دەکەن، راگەیاند، شەڕ لە دژی هەموو بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سنووری وڵاتەکەیان دەکەن و فەرمان بە سوپا کراوە:

- لە هەموو ئامانجێکی تورکیا لە لیبیا بدات.

- کەشتییە تورکییەکان لە ئاوەکانی لیبیا دەکرێنە ئامانج.

- هەر فڕۆکەیەک لەسەر کەشتییە تورکییەکان بەرەو لیبیا بفڕێت، دەخرێتە خوارەوە.

- لە هەر ناوچەیەکی لیبیا هاوکاریی تورکیا بکرێ، ئەو ناوچەیە دەکرێتە ئامانج.

- هەموو هاووڵاتییانی تورکیا لە لیبیا، دەستگیر دەکرێن.

- هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەکانی لبیبیا بەرەو تورکیا نافڕێت.

ئەحمەد مسماری جەختی لە ”شکستهێنان“ بە پرۆژەی ئیخوان موسلیمین لە لبیا کردەوە و رایگەیاند، سوپای نیشتمانیی لیبی پرۆژەکەی ئیخوان موسلیمین تێک دەشکێنێت.

حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی بە کۆدەنگیی هەموولایەنە لیبییەکان پێکهاتووە، لەلایەن سەرکردەکانی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمین سەرۆکایەتی دەکرێ و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە.

دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیسی بەسەر محەمەد مورسیی سەرۆک کۆماری میسر لە ساڵی 2013، کە مورسی سەرکردەیەکی باڵای رەوتی ئیخوان موسلیمین بوو، ئەو رەوتە لە میسر خرایە ناو لیستی تیرۆر و دواتریش وڵاتانی سعودیە و ئیمارات ئەو رەوتەیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.










باسنیوز
Top