ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی: لە عێراقەوە هێرش كرایە سەر بۆڕیە نەوتیەكانی سعوودیە
ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسانی هەواڵگری وڵاتەكەی گواستەوە كە سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ناڕاست دەرچوون كە پەنجەی تۆمەتیان بۆ میلیشیاكانی یەمەن درێژ دەكرد لەبارەی هێرشە ئاسمانیەكانی كرانە سەر پیشەسازی و بۆڕیە نەوتیەكانی سعوودیە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەوەشی بڵاوكردەوە كە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق داوایان لە واشنتۆن كردووە زانیاری وردیان بدەنێ لەمبارەوە، چونكە گومانیان لە راستی بابەتەكە هەیە.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمریكا زانیاری پشتڕاستكراوەی دەستكەوتووە لەبارەی ئەوەی فڕۆكەكان لە باشووری عێراقەوە هەڵدراون و هێرشیان كردووەتە سەر سعوودیە، لەمبارەوە ئەوەشیان دركاندووە كە دەزانن میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران كارەكەیان ئەنجام داوە.
جێی باسە لە مانگی ئایاری رابردوودا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش كرابووە سەر هێڵی بۆڕیە نەوتیەكانی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوای سعوودیە، كە ڕۆژانە بڕی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ڕۆژهەڵاتەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەری كەناری رۆژئاوا.
جێی باسە دوابەدوای هێرشەكە، گرووپی حوسیەكانی یەمەن بەرپرسیارییەتی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرتبوو.
باسنيوز
