دەسەڵاتەکانی رکابەرەکەی کاندیدی ئەردۆغان کەم دەکرێتەوە

 دەسەڵاتەکانی رکابەرەکەی کاندیدی ئەردۆغان کەم دەکرێتەوە


دەسەڵاتەکانی سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، کە رکابەریی کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەسەڵاتداری کرد، کەم دەکرێتەوە.

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بڕیاری داوە دەسەڵاتی دیاریکردنی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی وەزارەتەکە لە ئیستەنبوڵ، کە ژمارەیان 30 کۆمپانیایە، لە ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ بسەنێتەوە و داویەتییە ئەنجومەنی شارەوانی.

وەک چاودێران و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا باسی دەکەن، ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی هەوڵێکی دژایەتیکردنی ئەکرەم ئیمامۆغڵویە لەلایەن ئاکەپە، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، بە تایبەت کە حزبەکەی ئەردۆغان لە ئەنجومەنی شارەوانی باڵادەستە.

رۆژی یەکشەممە 23-6-2019، هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو و لە ئەنجام دا، ئەکرەم ئیمامۆغڵو، کاندیدی جەهەپە، زۆرینەی دەنگەکانی بە دەست هێنا.

ئیمامۆغڵو لە هەڵبژاردنی 30ـی ئاداری ئەمساڵ وەک سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرا، بەڵام ئاکەپە ئەنجامەکەی رەت کردەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی لە ئیستەنبوڵ لە 23-6-2019دا، دا.






باسنيوز
Top