ئێران: لە سبەینێوە پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەکەین
رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە ئەو ماوە دیاریكراوەی داویانە بە یەكێتی ئەروپا كۆتایی پێدێت و بەو هۆیەوە خێرایی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتردەكەن.
سبەی پێنجشەممە دەستدەكەین بە زیادكردنی خێرای پیتاندنی یۆرانیۆم
عەباس كەمالوەندی، وتەبیژی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەمە رایگەیاند، "سبەی پێنجشەممە دەستدەكەین بە زیادكردنی خێرایی لە پیتاندنی یۆرانیۆم، سبەینێ رێژە پیتاندنی یۆرانیۆم-ی یەدەك لە ئێران، سنوری 300 كیلۆگرام دەبەزێنێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "جێبەجێكردنی هەنگاوە دوەم كە زیادكردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە لەسەدا 3.7 تەنها دوو رۆژی پێویستە".
هەنگاوی یەكەم لە زیادركردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، لە چوارچێوەی ئەو كۆتاییهاتنی ماوەی دیاریكراوی ئەو مۆڵەتەدایە
كەمالوەندی لەبارەی ئەو بڕیارەوە وتی، "هەنگاوی یەكەم لە زیادركردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، لە چوارچێوەی ئەو كۆتاییهاتنی ماوەی دیاریكراوی ئەو مۆڵەتەدایە، كە ئێران داویەتیە یەكێتی ئەوروپا تا ریككەوتننامە ئەتۆمیەكە رزگاربكەن".
هێشتا كات لە بەردەم یەكێتی ئەوروپادا ماوە تا رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە رزگاربكەن
لەوبارەیەوە وتەبێژەكەی وزەی ئەتۆمی ئێران رونیکردەوە، "هێشتا كات لە بەردەم یەكێتی ئەوروپادا ماوە تا رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە رزگاربكەن، بەڵام ئەگەر داوای درێژكردنەوەی مۆڵەتكە بكەن، بە واتای ئەوەدێت ناتوانن یاخود نایانەوێت پابەندبن بە رێككەوتنەكەوە".
هەشتی ئایاری ئەمساڵ، هاوكات لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێك بەسەر كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێران پابەندبونی بە هەندێك بڕگەی رێككەوتنەکە کەمکردەوە
هەشتی ئایاری ئەمساڵ، هاوكات لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێك بەسەر كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكای ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێران، حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، "بە باڵیۆزی هەریەك لە وڵاتانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و روسیای راگەیاندوە ئێران رادەوەستێت لە پابەندبونی بە هەندێك بڕگەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمیەی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئەو وڵاتانەدا ئەنجامدراوە".
لە پەیامەكەدا هاتوە، "تاران ماوەی 60 رۆژ مۆڵەت دەداتە هەریەك لەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردوە بۆ بڕیاردانیان لەسەر بابەتەكانی تایبەت بە ناوەرۆكی رێككەوتننامەكە و دۆزینەوەی رێگایەك بۆ بەردەوامبونیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە چوارچێوەی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر وڵاتەكەی".
خەندان
