تاران.. کەسێک لەناو وەزارەتێکی حکوومەت ئاگری لە خۆی بەر دا

تاران.. کەسێک لەناو وەزارەتێکی حکوومەت ئاگری لە خۆی بەر دا
ئەمڕۆ سێشەممە لەناو وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران کەسێک بە نیشانەی ناڕەزایی بە بڕیار و هەڵسوکەوتەکانی ئەو وەزارەتە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.


میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کەسێکی بەڵێندەر کە لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران پەیوەندیی هەبووە و خاوەنی کۆمپانیایەکی فرۆشیار و دابینکردنی ئەنتەرنێت بووە، بە نیشانەی ناڕەزایی چووەتە ناو بینای وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران و بەنزینی بە خۆیدا کردووە و خۆی سووتاندووە.


زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، پاش ئەو ڕووداوە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وەزارەتە فریای کەوتوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و هەتا ئێستا زیندووە.

ئەنتەرنێت لە ئێران، کە وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیا چاودێریی دەکات، یەک لەو پرسە جێگەی مشتومڕانەیە و بابەتی سانسۆر و فلتەرکردنی زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکان ناڕەزییەکی زۆری لێ کەتووەتەوە.

هەتا ئێستا لە تاران و لەناو دامودەزگا فەرمییەکانی ئێران چەندان حاڵەتی ئاگر لە خۆبەردان ڕووی داوە.










باسنيوز
Top