ئێران: هەموو رێگا دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمەریکا داخران

ئێران: هەموو رێگا دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمەریکا داخران
لە دوای سزا خستنە سەر ئایەتوڵڵا عەلی خەمنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لایەن ئەمەریکاوە، ئێران رێگا دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتن داخست.

دوێنی دووشەممە 24/06/2019، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، سزای خستە سەر خامنەیی و بە هۆکاری ناسەقامگیرییەکانی ناوبرد، بڕیارەیشە هەر لەم هەفتەیە، سزا بخاتە سەر جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران.

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو هەوڵەی ئەمەریکا لە تویتێکدا دەڵێت: "سەپاندنی سزای بێ سوود بەسەر رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزیری دەرەوە، بە واتای داخستنی هەمیشیەیی رێگاکانی دیبلۆماسی دێت".

دەشڵێت: "ئیدارەی ترەمپ، مێکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایش تێکدەدەن".

نێوانی واشنتن و تاران بەهۆی خستە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا گرژی زۆری تێکەوتووە و کار گەیشتە ئەوەی، ترەمپ نزیک ببێتەوە لە بەکارهێنانی وەڵامێکی سەربازیی.

بە گووتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، ئەمەریکا سزای خامنەیی و زەریف بۆیە دەدات، تاکو سەرچاوە داراییەکانی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئێران بلۆک بکات.







K24
Top