پۆمپیۆ: دۆناڵد ترەمپ ھیچ پەیامێکی بۆ ئێران نەناردوە
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "سەرۆک ترەمپ ھیچ نامەیەکی بۆ ئێران نەناردوە، ھەڵوێستمان رونە و لە کاتی گونجاودا جوڵە دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگی بەئاشتی و سەقامگیری دەدەین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھیچ گومان لەوەدا نییە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە خراوەتەخوارەوە، ھەروەھا سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە دژ بە ئێران دراون لە بەرژەوەندی ھاوڵاتییانی ئەمریکادایە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە بنکەی ئاسمانی بەلەد وتیشی، "هێزەکانمان لە بنکەی ئاسمانی بەلە لە پارێزگای سەڵاحەددین نەکشاونەتەوە".
پێنجشەممەی رابردو، ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژمارەیەک بەرپرسی ئێران راگەیاندوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی سوڵتانشینی عومان نامەی بۆ تاران ناردوە.
ئەو بەرپرسانە ئاشکرایان کردبو کە لەو نامەیەدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە، ئەو لەگەڵ جەنگدا نییە و داوای گفتوگۆی لەگەڵ تاران کردوە.
خەندان
