ئەمڕۆ یەك شەممە ھەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانی ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت
ئەمۆ دانیشتووانی ئیستانبوڵ، چارەنووسی ھەریەك لە ئاكپارتی و جەھەپە یەكلا دەكەنەوە و دەنگ بە ھەریەك لە بنالی یڵدرم، كاندیدی ئاكپارتی و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كاندیدی جەھەپە دەدەن، براوەی ئەم ھەڵبژاردنە بۆ پێنج ساڵی داھاتوو دەبێتە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ. ھەروەھا پارتی سەعادەت و پارتی وەتەنیش كاندیدیان بۆ ھەڵبژاردنەكە ھەیە، بەڵام ھەدەپە ھیچ كاندیدێكی نییە و بە فەرمی رایانگەیاندووە، لەپێناو شكستپێھێنانی كاندیدی ھاوپەیمانێتییەكەی ئاكەپە و مەھەپە، پشتگیری لە كاندیدی جەھەپە دەكەن.
31 ھەزار و 124 سندوق بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ ئامادە كراون، ھێزە ئەمنییەكانی رێوشوێنی توندیان گرتووەتە بەر لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ھەڵبژاردنەكەوە.
لە 31/3/2019 ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە سەرتاسەری توركیا بەڕێوەچوو، بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ جیاوازی نێوان یڵدرم و ئیمامئۆغڵو، نزیكەی 13 ھەزار دەنگ بوو، دواتر لەسەر تانەی ئاكەپە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاری دووبارەكردنەوەی ھەڵبژاردنی دا.
دەزگاكانی راپرسی ئاماژە بەوە دەكەن، رێژەی دەنگەكانی كورد بۆ كاندیدی جەھەپە 10% زیادیكردووە. باس لەوەشكراوە نامەكەی ئۆجەلان كە داوای لە دەنگدەرانی ھەدەپە كردووە بێلایەن بن، درەنگ بوو و كاریگەری نابێت، بۆیە رێژەی دنەگەكانی كاندیدی جەھەپە زیاد دەكات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە لە زیندانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، دەسەڵاتی توركیا دەیەوێت پەیامەكانی ئەم دواییەی ئۆجەلان وەك شەڕی نێوان ئۆجەلان و ھەدەپە نیشان بدات، بەڵام ئەو ھەرگیز نابێتە پارچەیەك لەو وتوێژانە.
دەمیرتاش، ئەوەشی خستووەتەڕوو "لە رابردوودا توركیا كاریگەری ئۆجەلانی بینیوە. ئەو لایەنانەی دەیانەوێ كاری گەورە و جددی بكەن، پێویستە گوێ بە ھەڵمەتی لەو شێوەیە نەدەن و پرسەكە ھەستیار و گرنگە".
داواشی لە ھەموو لایەك كرد، بە ھەستیارییەوە مامەڵە بكەن و نەبنە بەشێك لە شەڕی دەروونی.
K24 -
