ترەمپ: بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هیچ مەرجێکمان نییە

 ترەمپ: بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هیچ مەرجێکمان نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاشکرای کردووە خوازیاری شەڕ لەگەڵ ئێران نییە و بۆ گفتوگۆش هیچ مەرجێکمان نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئێران بکەوینە شەڕەوە ئەو وڵاتە وێران دەبێت.



سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دیمانەیەک لەگەڵ کەناڵی (NBC) ئاماژەی بەوە کردووە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێران هیچ مەرجێکمان نییە.



ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران لە کاتێکدا هاتوونەتە گۆڕێ کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی کردووەتەوە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا هیچ دانوستانێک ناکات.



لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و پاش تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، هەرم وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و هەم سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، بەمەبەستی دەسپێکی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری نێوبژیوانی سەردانی تارانیان کرد، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە وەڵامێکی ئەوتۆیان وەرنەگرتەوە.



بە جۆرێک عەلی خامنەیی بە شینزۆئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنی گوت: "ترەمپ بە شایستەی ئەوە نازانم هیچ پەیامێکی لەگەڵ ئاڵۆگۆڕ بکەم و هیچ پەیامێکم بۆ نییە و هیچ وەڵامێکیشم بۆی نییە".



گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم دواییانەدا زۆر زیاتر بوون و بوونەتە هۆی نیگەرانیی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و وڵاتانی ناوچە و جیهان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی دەریای عومان کرانە ئامانج و ئەمریکا ئێرانی بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە ناساند و ئێرانیش هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.












باسينيوز
Top