بەرپرسێکی باڵای وڵاتی شێخەکان داوای دابەشکردنی وڵاتێکی عەرەبی دەکات
زاحی خەلفان تەمیم، جێگری سەرۆکی پۆلیسی ئیمارەتی دوبەی لە ئیمارات، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، دامەزراندنەوەی دەوڵەتی باشووری یەمەن داواکارییەکی شەرعیی خەڵکی ئەو وڵاتەیە.
زاحی خەلفان تەمیم هەروەها رایگەیاندووە، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بیرکردنەوەی باشور و باکووری یەمەن هەیە و خەڵکی باشوور ئاماژەی سەرکەوتنیان هەیە و باکوورییەکان نایبینن.
ئەو بەرپرسەی دوبەی بە ئاماژەکرجن بەوەی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی یەمەنی باشوور داواکارییەکی رەوایە، بە سەرسورمانەوە دەپرسێت، ”بۆ ئەو مافە لە خەڵکی باشوور حەرام دەکرێت؟“.
کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی، کە پایتەختەکەی شاری عەدەن بوو، لە بەشەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی یەمەن لە ساڵی 1967 سەربەخۆیی خۆی لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەری بەریتانیا بەدەست هێنا و لە ساڵی 1990 لەگەڵ کۆماری عەرەبیی یەمەن یەکی گرتەوە و کۆماری یەمەنیان پێک هێنا.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان، کە شیعەمەزهەبن و ئێران پاڵپشتییان دەکات، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنيوز
