سوپای جەزائیر هۆشداریی لە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەمازیغییەکان دەدات

سوپای جەزائیر هۆشداریی لە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەمازیغییەکان دەدات
سوپای جەزائیر هۆشداریی لە بەرزکردنەوەی ئاڵای گەلی ئەمازیغی لەناو خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، دەدات.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆکی جەزائیر، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بەردەوام خۆپیشاندان ساز دەکەن و داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی گەندەڵی وڵاتەکەیان دەکەن.

لە خۆپیشاندانەکان، هاووڵاتییانی ئەمازیغی ئاڵای خۆیان بەرز دەکەنەوە و ئەحەد قاید ساڵحی سەرۆک ئەرکانی سوپای جەزائیر هۆشداریی داوە.

ئەحمەد قاید ساڵح رایگەیاندووە، فەرمانی بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کردووە هەر کەسێک ئاڵای ئەمازیغییەکان بەرز بکاتەوە، بە توندی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-4-2019، سەرۆکایەتیی کۆماری جەزائیر بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا رایگەیاند، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆکی وڵات بڕیاری دەست لەکار کێشانەوە و جێهێشتنی کورسیی سەرۆکایەتی، دا.

ئەمازیغییەکان گەلێکی بەربڵاون و لە وڵاتانی مەغریب، جەزائیر، لیبیا، تونس، مۆریتانیا، مالی و نەیجەر بڵاو بوونەتەوە.

ئەمازیغییەکان گەلی رەسەنی باکووری ئەفریقیان و لە هەموو ئەو وڵاتانەی خاکەکەیان بەسەریاندا دابەش کراوە، دەچەوسێندرێنەوە.










باسنيوز
Top