سعودیە دوو هێرشی ئاسمانیی حوسییەکان تێک دەشکێنێت
سعودیە دوو هێرشی ئاسمانیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن تێک دەشکێنێت.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ یەمەن، کە سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە، حوسییەکان لەڕێی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر سعودیە.
هەروەک هاوپەیمانییەکە رایگەیاندووە، هێرشەکان درەنگانی شەوی دووشەممە 17-6-2019 ئەنجام دراون و هەردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەش تێک شکێنراون.
یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکان کاتژمێر `10:37 خولەکی شەوی دووشەممە، کە حوسییەکان ئاراستەی شاری ئەبهای سعودیان کردبوو، تەقێندراوەتەوە.
فڕۆکەی دووەم، کە حوسییەکان بە نیازبوون ئاراستەی هەمان شاری سعودی بکەن، کاتژمێر 11:47 خولەک لە ئاسمانی یەمەن، تەقێندراوەتەوە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان، کە شیعەمەزهەبن، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنیوز
