پۆمپیۆ: ئەمریکا بەتەمای شەڕ لەگەڵ ئێران نییە
لەمبارەوە ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاوی کردووەتەوە: "مایک پۆمپیۆ هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەستێدابوونی ئێران لە هێرش بۆ سەر دوو کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی دەریای عەمانی بە (حاشاهەڵنەگر) وەسف کردووە، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا بەتەمای شەڕ لەگەڵ ئێران نییە، هەرچەند ئێمە مۆڵەتی یاسایی شەڕیشمان وەرگرتووە".
ئاماژەی بەوەش کردووە ئەمریکا خوازیاری شەڕ نییە و هەموو هەوڵە دیپلۆماتیکەکان خراونەتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان کەمتر ببنەوە.
ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە پاش سەردانی وەزیری دەروەی ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بۆ تاران و گەیاندنی پەیامی ئەمریکا بە بەرپرسانی باڵای ئێران، بەڕای کارناسان، ئێران بە هیچ لەونێ خوازیاری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە.
هاوکات دوێنێ ئەرکانی فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سەنتکام) پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی پێشوو هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ سەر دوو کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ئێران مووشەکێکی ئاراستەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا کردووە، بەڵام بێ ئاکام بووە.
باسنیوز
