هاوسەرۆكی هەدەپە: داواکارم بۆ خاوەندارێتیی ئیستەنبۆڵ شكست بە ئاكەپە بهێنن
تەمەللی لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە مەیدانی تەقسیم لە ئیستەنبۆڵ، ئاماژەی بەوەش دا دەسەڵات هەر كاتێك لە هەڵبژاردن نزیك ببینەوە باس لە كێشەی كورد دەكات، ئەمەش دەریدەخات كە دڵسۆز و ڕاستگۆ نییە بەرامبەر بەو كێشەیە تەنیا دەیەوێت دەنگدەری كوردی پێ هەڵبخەڵەتێنێت.
تەمەللی گوتیشی: "ئێمە كار دەكەین تا لە ٢٣ی حوزەیراندا شكست بە ئاكەپە بهێنین، چونكە بۆ برەودان بە دیموكراتی، لەسەر هەموومان پێویستە لە ٢٣ی حوزەیراندا كاری جیدی بكەین، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو ناعەدالەتییەی لەسەر دەستی ئاكەپە بەرپا بووە تێك بشكێنین، پێویستە لە ٢٣ی حوزەیراندا دەنگ لە ئیمامئۆغلو بدەین و كاری جیدی بۆ بكەین".
باسی لەوەش كرد، هەوڵەكانی خۆیان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بڕوا بەو كوردانە بهێنن كە لە ٣١_٣_٢٠١٩ نەچووبوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و داوایان لێ دەكەن ئەمجارەیان بڕۆن دەنگ بە ئیمامئۆغلو بدەن. تەمەللی دەڵێت زۆربەی هەوڵەكانمان لەو روەوە چڕ كردووەتەوە، چونكە ئەو دەنگدارانە گرنگن و دەبێت بچنە بۆ سەر سندووقی دەنگدان.
باسنيوز
