باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوە
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا) مەحموود بریمانی، بەڕێوەبەری بەشی ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارێک لەگەڵ ڕاب مەک ئەیر، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران، هەڵوێستی ئەم دوایەی لەندەنی بە نەگونجاو و "دژە ئێرانی" لەقەڵەم دا و ڕای گەیاندووە لەندەن بەبێ خستەنڕووی هیچ بەڵگە و دیکیۆمێنتێک و تەنیا لە چوارچێوەی شوێنکەوتنی سیاسەتی واشنتۆن ئەو تۆمەتەی داوەتە پاڵ ئێران.
جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی هەینی 2019.6.14 ئاشکرای کرد سوپای پاسداران هۆکاری هێرش و تەقاندنەوەی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری کەنداوە و هیچ حکوومەت و دەوڵەتێکی دیکە دەستیان لەو هێرشەدا نەبووە.
ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی پێشوو دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە یەکیان نەرویجی و ئەوی دیکەیان ژاپۆنی بوون لە دەریای عومان کرانە هێرش و ئاوریان تێ بەر درا و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئێران بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە دەزانن.
لە بەرانبەردا ئێرانیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و بە سیناریۆیەک بۆ خەوشدارکردنی سیاسەتەکانی و ئاڵۆزترکردنی ناوچەکە لەقەڵەمی دەدات.
باسنیوز
