پێنتاگۆن: لەدژی ئێران هاوپەیمانییەکی جیهانی پێک دەهێنین

 پێنتاگۆن: لەدژی ئێران هاوپەیمانییەکی جیهانی پێک دەهێنین
سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕای گەیاندووە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە ئاوەکانی کەنداو گرفتێکی جیهانییە، بۆیە واشنتۆن سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپیەمانییەکی جیهانییە لەدژی ئیران.



پاتریک شاناهان، لەمبارەوە ڕای گەیاندووە بۆ ئەم مەبەستە ئەمن وەک سەرپەرشتیاری پێنتاگۆن و جۆن بۆڵتەن، ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە یارمەتیی ڕاوێژکارانی باڵای دۆناڵد ترەمپ پێداگری لەسەر پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە دەکەنەوە.



ئاماژەی بەوەش کردووە: "15٪ی نەوتی جیهان لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت، ئێمە دەبێ لە ئەگەری خراپتربوونی دۆخەکە بەرنامە و پلانمان هەبێت و پێویستیمان بە پەرەدان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتییە لەم بارودۆخەدا".



شاناهان ڕاشی گەیاندووە: "ڕۆڵی پێنتاگۆن لەمبارەوە دانی زانیارییە بە هاوپیەمانانی ئەمریکا، بە هەمان شێوە کە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سەنتکام) دەیکات و بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە دەستێدابوونی ئێرانی پشتڕاست کردەوە.



لە حاڵێکدا کە ئەمریکا و بەریتانیا ڕاستەوخۆ ئێران بە ئەنجامدەری هێرش بۆ سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئێران هەرچەشنە دەستێدابوونی هێزەکانی لەو کردەوەیە ڕەت دەکاتەوە و بە سیناریۆیەک لەدژی وڵاتەکەی و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە لەقەڵەمی دەدات.








باسنيوز
Top