بەرپرسێکی ئەمریکی: پێش هێرشەکەی کەنداو ئێران فڕۆکەیەکی ئەمریکی کردووەتە ئامانج
کەناڵی سی ئێن ئێن ـی ئەمریکی، بەبێ ئاماژەدان بەناوی بەرپرسەکە بڵاویکردەوە، کاژێرێک پێش هێرش بۆ سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە کەنداوی عومان، هێزەکانی ئێران مووشەکێکیان ئاراستەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا کردووە، بەڵام مووشەکەکە بەر فڕۆکەکە نەکەوتووە و کەوتووەتە نێو ئاوی کەنداو.
سی ئێن ئێن ئەوەشی گوتووە، پێش هاویشتنی مووشەکەکە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کە لەجۆری "ئێم کیو ناین" بووە چاوێری چەند بەلەمێکی ئێرانی کردووە کە لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نزیک بوونەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە نەکردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئەو بەلامانەی بینیووە هێرشیان کردبێتە سەر کەشتییەکان، بەڵام ئەوە یەکەم بانگەشەی ئەمریکایە کە لە رێگەیەوە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتباردەکات.
رۆژی پێنجشەممە (13-6-2019) لە کەنداوی عوممان نزیک لە گەرووی هورمز، هێرشکرایە سەر دوو کەشتیی گوێزەرەوەی نەوت، بەهۆی رووداوەکەوە کەشتییەکان زیانیان پێگەیشت. لەدوای رووداوەکە ئەمریکا، ئێران بەهێرشی سەر ئەو دوو کەشتییە تۆمەتباردەکات و ئێرانیش بە تووندی رەتیدەکاتەوە.
رووداو
