لە سوریا و لە دوو ڕۆژدا 167 کەس بەهۆی شەڕەوە کوژراون
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ناوەندەکەی لە لەندەنە، دوێنێ شەممە 2019.6.8 بڵاوی کردەوە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی 48 کاتژمێری ڕابردوو لە پارێزگای حەما لە سووریا لانیکەم 167 کەس لە چەکدارانی دژبەری سووریا و هێزەکانی سوپای سووریا کوژراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە ڕۆژی شەممە هێزە دژبەرەکانی سووریا هێرشێکی نوێیان بۆ سەر سوپای ئەو وڵاتە دەست پێکردووە و جیاواز لە بەکارهێنانی هاوەن و ڕۆکێت، هاوکات چەند تەقینەوەیەکی خۆکوژیش ڕووی داوە.
ئەو هێرشانە لە چەند ناوچەی دەرەوەی ساری حەما ڕوویان داوە و بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تەنیا ڕۆژی شەممە 37 کەس لە هێزەکانی سووریا و 28 کەس لە دژبەرانی حکوومەت کوژراون.
لە ئەنجامی ڕێککەوتنێک کە هاوینی ڕابردوو لە نێوان سوپای سووریا و هێزە دژبەرەکاندا واژۆ کرا، پارێزگای حەما وەک ناوچەیەکی ئەمن (بەبێ شەڕ و چەکوچۆڵ) لەقەڵەم درابوو.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە نزیکەی یەک مانگە لەمەوبەر هێزەکانی ەبشار ئەسەد بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا هێرشێکی فراوانیان لە دوو پارێزگای حەما و ئدلب دەست پێکرد کە بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 350 هاووڵاتیی مەدەنی و بە هەزارانی هاووڵاتیی دیکەش ئاوارە بوون.
باسنيوز
