ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕمەزانی دیاری کرد
لەمبارەیەوە، محەمەد عودە، بەڕێوەبەری ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی بە ماڵپەڕی (سکای نیوز)ی ڕاگەیاندووە: "سەرجەم دامەزراوە فەلەکناسییەکان و تایبەتمەندانی ئەو بوارە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەستەمە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3/6/2019 لە کیشوەرەکانی ئوسترالیا، ئاسیا، ئەفریقیا و ئەوڕووپا مانگ ببیندرێت، بۆیە پێدەچێت ڕۆژی چوارشەممە 5/6/2019 یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بێت".
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی مانگ دوو خولەک پێش ڕۆژئاوابوون ون دەبێت، بۆیە بینینی مانگ لەدوای ڕۆژئاوابوون ئەستەم دەبێت و ڕۆژی دواتر دەبینرێت.
ئاشکراشی کرد، ڕۆژئاوای کیشوەری ئەمریکای باکوور تاکە شوێنی گۆی زەوییە کە ئەمڕۆ دەتوانرێت مانگ ببینرێت، بۆیە لە ڕووی فەلەکییەوە سبەی سێشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەبێت.
بەڕێوەبەری ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستە ڕوو، کە وڵاتاتی وەکو تورکیا ڕەنگە سبەی سێشەممە بکەنە جەژن، چونکە پشت بەو بۆچوونە فەلەکناسییە دەبەستن کە دەلێت ئەگەری بینینی مانگ لە شوێنێکی جیهان هەیە.
ئەمە لەکاتێکدا، دوێنێ ئێوارە پەیمانگەی نەتەوەیی بۆ لێكۆڵینەوە فەلەكی و جیۆفیزیكی لە میسڕ ڕایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییەكان و حیساباتەكان یەكەم رۆژی جەژن لە میسڕ رۆژی سێشەممە دەبێت".
هەروەها کەمێک پێش ئێستاش، ئێران ڕۆژی چوارشەممەی وەکو یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکرد.
باسنيوز
